kurdtimes
    26  خه‌رمانان  2724   16 ئەیلوول 2024

یــاســـاکــانی یــاریــیەکـە .... ئێران - ئیسرائیل

یــاســـاکــانی یــاریــیەکـە .... ئێران - ئیسرائیل
ن.ئەسکەندەر بروژەردی, و. لە ئینگلیزیەوە: دامون صدیق

لە 17ی شوباتی 1979 و تەنها دوای شەش ڕۆژ لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ، یاسر عەرەفات بە سەردانێکی کتوپڕ دەگاتە ئێران و بەڕووی جەماوەرێکی گەشبین و سەرسام ئەم وتارە پێشکەش دەکات. "

بەناوی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرانی فەڵەستین بەڵێنتان پێ دەدەم کە بە سەرکردایەتی ئیمامی مەزن ئیمام خومەینی پێکەوە فەڵەستین ئازاد دەکەین، ئێمە خاوەنی هەمان تێکۆشان و هەمان شۆڕشین، هەموومان موسڵمانین، هەموومان شۆڕشگێڕی موسڵمانین".

پاشان بەبەرچاوی کامێرای میدیاکانەوە دەچێتە کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئێران و ئاڵای فەڵەستین لە بەلەکۆنەکەی بەرزدەکاتەوە، لەبەردەم جەماوەرێکی فراوان کە دروشمی " عەرەفات ، خومەینی ، ئازادی بۆ فەڵەستین "یان دەوتەوە.

ئەم گرتانە لە جیهانی عەرەبیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بۆ ساتێک، وادەردەکەوت کە ئێران چووەتە سەردەمێکی نوێوە لە شۆڕشی دژ بە داگیرکاری ، کە تيایدا ئازادکردنی فەڵەستین سەرەڕمی شۆڕشەکەی دەبێت.

بۆیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا قورس دەبێت لەو سیاسەتە تێبگەی کە ئێران لە شەڕی غەززە و دژ بە ئیسرائیل پەیڕەوی دەکات بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە. دەکرێت ئەم پەیوەندیەی ئێران و گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین بگەڕێنینەوە بۆ ناوەڕاستەکانی سەدەی پێشوو و سەردەمی شای ئێران ، بە دیاریکراوی لە کۆتایی شەستەکان کاتێک کۆمەڵێک شۆڕشگێڕی مارکسی-لینینی کە دواتر دەبن بە گەریلاکانی فەدایی گەل (خلق) ، وە هەروەها ئەفسەرەکانی داهاتووی سوپای پاسداران دەست دەکەن بە گەشت کردن بۆ کەمپە فەڵەستینیەکان لە لوبنان بۆ وەرگرتنی ڕاهێنان لە شەڕی پارتیزانیدا.

پاشان لە ساڵی 1970، گروپێکی تر لە گەنجانی ئێرانی نموونەیی ، کە دواتر دەبن بە گروپی فەڵەستین ، لەو کەمپانە مەشق و ڕاهێنان دەکەن بە ئامانجی هەڵگیرسانی جەنگێکی ئازادیخوازی نیشتیمانی لە ئێران.

بەڵام سەرەنجام لەلایەن دەزگای (ساواک) دەستگیر دەکرێن کە دەزگایەکی ئەمنی تۆقێنەری شای ئێران بوو و دەخرێنە بەردەم دادگای سەربازی.

ئەم بابەتە ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بۆ ئەو گروپە پەیدا دەکات بە ڕادەیەک بونە مانشێتی هەواڵەکان لە ڕۆژنامەی وەک ( لاس تێمپس مۆدێرنس ) و دۆزەکەیان بوو بە ئیلهام بۆ نەوەیەک شۆڕشگێڕ و چالاکوان کە لەکۆتایی ئەو دەیەیەدا شکست بە ڕژێمی شا دێنن.

دۆزی ئازادکردنی فەڵەستین بەشێکی سەرەکی بوو لە جوڵە سیاسی و هزریەکاندا ، لە مارکسیە لینینیەکانەوە تا ئیسلامی و نەتەوەییەکان کە پێکهاتەی شۆڕشی ئێران بوو لە ساڵانی حەفتاکان.

گەلی فەڵەستین و ئێران وەها خۆیان دەبینی کە هەمان دوژمنیان هەیە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی کە شای ئێران و ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێن : بەڵکو دەزگای مۆساد بە پاڵپشت و ڕاهێنەری دەزگای ساواک دەبینرا، بەمەش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەکرایە بەرپرس لە شەهیدکردنی ژمارەیەکی بێشوماری شۆڕشگێڕانی ئێران.

تەنانەت دوای زیاتر لە چل ساڵ هێشتا شوێنەواری ئەم بیرکردنەوەیە بە ڕوونی دەبینرێت، ئێران بەردەوامە لە یادکردنەوەی ڕۆژی قودس، کە بۆنەیەکی ساڵانەیە بۆ بێ هێز و چەوساوەکان لە ڕوبەڕوبونەوەی زلهێزەکان ، تیایدا شەقام و مەیدانەکانی ئێران پڕ دەبێت لە ئاڵای فەڵەستین، دروشمی "مرگ بر اسرائیل" مردن بۆ ئیسرائیل لەدوای نوێژی هەینی بەبەردەوامی دەوترێتەوە.

بەڵام سەرەڕای ئەمانە زۆر شت گۆڕاوە لە شوباتی 1979وە. ڕۆژانی سەرگەرمی شۆڕش و ئەگەرەکان تێپەڕین و ئەم ژیانە مێژووییە بوو بە سێبەرێک بۆ ڕابردووی خۆی.

زۆری نەخایاند، لەدوای شەڕی ئێران - عێراقەوە وا دەردەکەوت کە بزوتنەوەی نێودەوڵەتی خۆڕاگری ئێرانی و دژە داگیرکاری وردە وردە بە شێوەیەکی نا یەکسان هەنگاوی دەنا بەرەو بوون بە دەوڵەتێکی ئیسلامی بێبەش لەو فرە ئایدۆلۆژیەی کە تایبەتمەندی دەیەکانی پێشووی بوو .

ئەم گۆڕانکاریەش چەند هۆکارێکی هەبوو: زۆربوونی هێزی دەریایی ئەمریکی لە کەنداوی فارس کە لە سەردەمی کارتەر دەستی پێکرد و لە سەردەمی ڕیگان چڕ کرایەوە؛ سزاكانی ئەمریکا و قەدەغە کردنی چەک؛ پاڵپشتی ئابووری و دیبلۆماسی و سەربازی و هەواڵگری لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ سەدام حسێن؛ هەروەها هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ قۆرخکاری لە بەکارهێنانی هێزدا، کە پێویستی بە سەرکوتکردنێکی توندی ئۆپۆزسیۆنە نێوخۆییەکان بوو.

هەموو ئەمانە دەوڵەتێکی دروست کرد کە لە جیهان دابڕابوو و بەڕاستی گەمارۆدرابوو.

شەڕی نێوان ئێران و عێراق زیانی گەورەی بە هەردوولا گەیاند و گەیشتە کۆتاییەکی نەخوازراو کاتێک دروشمی سەرکەوتنی وەک ( ئازادکردنی قودس بە کەربەلادا تێپەڕدەبێت) هۆکار بوو بۆ دوودڵ بوون لە قبوڵکردنی بڕیاری 598ی ئەنجومەنی ئاسایش. ئێرانیەکان لەم جەنگەوە فێربوون کە پشتگیریکردنیان لە بەرهەمهێنانی شۆڕش دەبێتە پاڵنەر بۆ دوژمنە جیاوازەکانی تا هێزەکانیان دژی ئێران یەکبخەن، وە هەروەها ئەوەش فێربوون کە ناتوانن بەتەنها لەڕێگەی ئامرازە سەربازییە ئاساییەکانەوە گرەنتی ئاسایشی وڵاتەکە بکەن. بۆیە پێویستی بە گرتنەبەری ستراتیژیەکی بێهاوتا دەبێت، ئەویش ئەو شێوازەی کە لە ساڵانی هەشتاکاندا دەستی کرد بە جێبەجێ کردنی.

کاتێک کۆماری ئیسلامی دووچاری سزا و گەمارۆی سەخت بوویەوە، و توانای کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری وەک F14 tomcat ی نەبوو. دەستی کرد بە بەگەڕخستنی سەرچاوەکان لە پڕۆژەی مووشەکە بالیستیەکان و هاوشێوەکانی لە ئامرازە بێهاوتاکان.

گرنگترین بەشی ئەم ستراتیژیە، کە لە دیالێکتیکی شۆڕش و جەنگ و پتەوکردنی بەرەی ناوخۆی و گەمارۆی ئیمپریالی هاتە کایەوە، بریتی بوو لە گەشەپێدان بە پەیوەندی قووڵی ئۆرگانی لەگەڵ ئەو گروپە سیاسی و لایەنە جەماوەریانەی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی باڵادەستی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەن.

لەنێویاندا حیزبوڵا کە لە ئێستادا بە بەهێزترین هێزی نیمچە سەربازی ناحکومی دادەنرێت لە جیهاندا، کە لەدوای داگیرکاری ئیسرائیل بۆ لوبنان لە ساڵی 1982 دەرکەوت، کاتێک کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران وەڵامی بانگەوازی چالاکوانان و چەکدارانی لوبنانی بۆ پشتیوانی کردنیان دایەوە.

دوای دوو دەیە، داگیرکردنی عێراق و ڕووخاندنی سەدام لەلایەن ئەمریکاوە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دزەکردن بۆناو وڵاتەکە و بنیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسیە هاوپەیمانانەی دەیانویست هێزە سەربازیە بیانیەکان لە وڵاتەکەدا نەمێنن.

ئەم هەنگاوە لە ساڵی 2014 زیاتر پەرەی پێدرا کاتێک داعش سوپای عێراقی لە موسڵ بەزاند، و هۆکار بوو بۆ پێکهێنانی یەکەکانی حەشدی شەعبی لەسەر داوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی هێزەکە دەکرا.

بەم جۆرە لەڕێگەی زنجیرەیەک هاوپەیمانییەوە (میحوەری مقاوەمە) هاتە کایەوە.

دەزگای دەوڵەتی ئێران سەلماندی کە توانایەکی بەرچاوی هەیە لە ئیستیغلال کردنی بۆشایی سیاسی و ئەمنی بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە کۆمەڵێک ئامانجی هاوبەشی لەگەڵیاندا هەیە، هەروەک چۆن لە بروسکەکانی ئێراندا دەردەکەوێت کە ئینتەرسێپت بڵاوی کردنەوە: "ئێران یان بە دیاریکراوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەروا بە سادەیی "کۆنترۆڵی" ئەو هێزە بیانییانە ناکات، بەپێچەوانەی ئەوەی کە ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا دەیڵێت، و هەژموون و کاریگەریەکانی بەپێی کۆنتێکست جۆری ڕێکخراوەکان دەگۆڕێت.

پەیوەندی ئێران بە حیزبوڵاوە جیاوازیەکی زۆری هەیە لەگەڵ پەیوەندیان لەگەڵ ئەنساڕوڵا لە یەمەن یان کەتائیبی سید الشهداء لەعێراق، وە پەیوەندیەکانی لەگەڵ حەماسدا لەوانیدی ئاڵۆزترە (هەریەکەیان پشتگیری لایەنێکی دژ بەوەی تری دەکرد لە شەڕی ناوخۆی سوریادا) ئەمەش فشارێکی زۆری خستبووە سەر پەیوەندیەکانیان.

کەواتە ئەم گروپانە هۆکاری تایبەتی خۆیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیەزمی ئەمریکی یان داگیرکاری ئیسرائیلی و یانیش هەژموونی سعودی، بۆیە زۆر لەوە دوورن کە تەنها وەکیلی تاران بن".

دیدگای ڕێبەری باڵا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە سوپای پاسدارانی ئێران سەرپشک کراوە بۆ بەدیهێنانی، ئەم ئامانجانە لەخۆ دەگرێت: نەهێشتنی هێزی سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە؛ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سنوورانەی ئیسرائیل دیاری کردووە.

کە بریتی دەبن لە پێشکەش کردنی هاوکاری ماددی و سەربازی لەلایەن ئێرانەوە بۆ هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی سەرەکی لە جێبەجێ کردنی ئەم ستراتیژیەدا.

سەرەڕای ئەمانە، ئێران دەبێت لەنێوان گەیشتن بەو ئامانجانە و دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی ئیقلیمی وێرانکەر کە بە دڵنیاییەوە ئەمریکا ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا دەبینێت، هێڵێکی ورد ببڕێت.

ئەمەش پێویستی بە ڕێبازێکی ئەقڵانی و پراگماتیکی دەبێت. کە بەواتای پاراستنی چەقی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە دەرەوە و خۆپاراستن لە هەر جوڵە و كاردانەوەیەکی نەرێنی لە ناوخۆدا دێت.

ئەم جۆرە ڕێبازەش لەلایەن هەندێک لەو وڵاتانەوە تا ڕادەیەک قبوڵکراوە و لای هەندێکی تریان جێگەی نیگەرانی گەورەیە.

تا ئێستا ئەوەی پێی دەوترێت "شەڕی سێبەر" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەیان ساڵە بەردەوامە، و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچێت.

پێش شۆڕشی 1979 لەنێوان هەردوو وڵاتدا مێژوویەکی درێژ هەبوو لەهەماهەنگی هەواڵگری و سەربازی و ئابووریدا، لەپاش ئەوەوە، ئیسرائیل هێشتا هیواخواز بوو كە بتوانێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆنە هاوپەیمانەکەی ڕێک بخاتەوە وەک بەشێک لە عەقیدەی پەراوێزی (بن گۆریون) کە ئامانج لێی بەستنی پەیوەندی ستراتیژیە لەگەڵ دەوڵەتانی نا-عەرەبی کە چواردەورەی جیهانی عەرەبیان داوە وەک ئێران و تورکیا و ئیسیوبیا.

لەپاش ڕێککەوتنی ئۆسلۆ، سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل، لە شەمعون پێرێزەوە تا بنیامین نەتەنیاهۆ، وتاری فۆبیای ئێرانیان بەرەو پێش بردووە لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێ لە زیادبوونی هەژموونەکانیدا.

هەر لەو کاتەشەوە، هەموو هەوڵێکی خستۆتە گەڕ بۆ پڕکردنی هستیریا لەبارەی ئێران وەک بەهانەیەک بۆ پرۆژە بەردەوامەکانی داگیرکاری سەربازی و نیشتەجێبوونی کۆلۆنیالیزم.

ئەتوانین بڵێین ئەگەر ئێران بوونی نەبوایە ئەوا ئیسرائیل خۆی دایدەهێنا وەک هەڕەشەیەکی سیاسی بەسوود.

بەڵام ئەمە ئەوە ڕەت ناکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی کێشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ڕژێمی ئیسرائیلی فراوانخوازی کە چاوی لە هەژموونی ئیقلیمیە.

بەڵام سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل، بە ڕێژەیەکی زیاتر نەتەنیاهۆ، ئەم بەهانەیە ئیستیغلال دەکەن و زیادوڕەوی تێدا دەکەن بەشێوەیەکی ڕۆتینی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە ناوخۆ و خاکە داگیرکراوەکاندا.

پەیوەندی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەجۆرێکە هەردوولا پەیوەستن بە یاسا نەنوسراوەکانی یارییەکە.

شێوازی کارکردنی ئیسرائیل بریتی بوو لە تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی ئێران، کارمەندانی سوپای پاسداران و هاوپەیمانەکانی، تێکدانی دامەزراوە ئەتۆمی و پیشەسازییەکانی تر، هێرشکردن بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ چەند ناوچەیەکی سەربازی جیاواز، هێرشی ئاسمانی بۆسەر چەند بنکەیەکی سەربازی سوپای پاسداران لە سوریا.

ئێرانیش لەلایەن خۆیەوە، بەردەوام بوو لە پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی بە درێژایی سنوورەکانی ئیسرائیل، بەمەبەستی ڕاگرتنی لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دەوروبەری و ئیرادەی بۆ درێژەدان بە پرۆژە کۆلۆنیالیزمەکەی لە فەڵەستین.

 لە شەش مانگی دوای (طوفان الاقصى)، کردەوەکانی ئێران لەگەڵ ئەم عەقیدە ئەمنییەدا یەکدەگرێتەوە.

ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە خامنەیی دڵنیایی ئەوەی دا کە ئێران هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەی نەبووە و دەستی لە پلاندانانی نەبووە.

" بێگومان ئێمە بەرگری لە فەڵەستین و تێکۆشانی فەڵەستینی دەکەین ...

بەڵام ئەوانەی ئەڵێن کە کرداری فەڵەستینیەکان لە هێزی نا-فەڵەستینیەوە سەرچاوەی گرتووە ئەوا گەلی فەڵەستین ناناسن و بەکەم سەیریان دەکەن. ئەمەش هەڵەکەیانە".

بەم لێدوانە ئاشکرا و دەگمەنەی خامنەیی ویستی خۆی بپارێزێت لەهەوڵی بەبەرپرسیارکردنی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە و هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانتر. بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران و حیزبوڵا زۆر وریابوون لە نەکەوتنە ئەم تەڵەیەوە.

کە هۆکار دەبوو بۆ چاوپۆشیکردن لەو کارەساتەی لە غەززە ڕوویدا و ڕایدەکێشانە ڕووبەڕووبونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بۆیە لەبری ئەوە ئەوان سیاسەتێکی نەفەس درێژ پەیڕەو دەکەن: پاراستنی هاوسەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل ، لەگەڵ نەکردنی هەر کردارێک کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ئیقلیمی.

خۆگرتنی ئێران بەشێکی بە دۆخی سیاسی ناوخۆیی پەیوەستە کە هێشتا لاوازە و پڕە لە دژایەتی. لەگەڵ نزمبوونەوەی ئاستی ژیان، زۆربوونی گەندەڵی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کە بەشێوەیەکی دراماتیکی بینرا لەو شۆڕشەی ئافرەتان پێشڕەویان دەکرد لە پاییزی 2022 هەستی دڵەڕاوکێیەکی بەربڵاو دروست بوو.

لەهەمان کاتدا وڵاتەکە بە سڕبوونی سیاسیدا تێدەپەڕێت لەگەڵ دڵنیا نەبوون لەبارەی شوێنگرەوەی خامنەیی، کە دەبێتە سووتەمەنی شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە ڕکابەرەکان.

بۆ زۆرێک لە ئێرانییەکان، وا دەبینرێت کە مەترسیە گەورەکە لە نائارامیە کۆمەڵایەتی و سیاسەکانی ناو سنووری وڵاتەکەدایە، نەک دەرەوەی.

بە ڕەچاوکردنی ئەم ناسەقامگیریانە، مشتومڕێکی بەربڵاو هەبوو لەبارەی تێچووەکانی چوونە شەڕێکەوە لەگەڵ هێزە ئیمپریاڵیەکان، وە ئایا وڵاتەکە توانای بەرگەگرتنی هەیە.

هەروەها ڕاستە کە گەلی ئێران بە ترسناکیەوە سەیری تاوانەکانی ئیسرائیل لە دژی فەڵەستینیەکان دەکات، بەڵام هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ ئەوەی دژە زایۆنیزم بکاتە پێکهاتەیەک لە ناسنامەی ئیسلامی خۆی، ناڕەزایی گەورەی لەنێوان هەندێک لە چینەکانی کۆمەڵگادا لێکەوتووەتەوە، ئەمەش ڕەنگە لەناو گەنجاندا زیاتر دەربکەوێت، کە لە سیاسەتی توندی ڕۆشنبیری و دەزگاکانی سانسۆری ئایینی و کۆمەڵایەتی تووڕەن.

لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل خەریکی تاقیکردنەوەی دوودڵی ئێران بوو لە هەنگاونان بۆ ئاڵنگاری ڕاستەوخۆ.

هێرشە ئاسمانیەکەی بۆ سەر کۆمەڵگە دیبلۆماسیەکەی ئێران لە سوریا، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لەسەرکردەی گەورەی فەیلەقی قودس کوژران و پێشێلکردنی بنەما دیبلۆماسیە سەرەکیەکان جۆرێک لە پەرەسەندنی ڕووداوەکان بوو کە ناکرێت تاران لێی بێدەنگ بێت، هەروەک لەکاتی تیرۆر کردنی قاسم سولەیمانی.

بۆیە ناچار بوو ڕێبازی ڕێگریکردن و وەڵامدانەوە پەیڕەو بکات.

سوپای پاسداران لە 14ی نیسان ئۆپەراسیۆنی (الوعد الصادق)ی ڕاگەیاند کە بووە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئێران لە خاکی خۆیەوە بۆسەر ئیسرائیل: هێرشێکی ئاڵۆز و فرە ڕەوە لەنێویاندا 300 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە بەرهەمی ناوخۆی ئێران وە چەندین مووشەکی بالیستی و کروز، هەروەک لە میدیا فەرمیەکانەوە دەركەوت کە بەسەر ئاسمانی کەربەلادا لە عێڕاق و مزگەوتی ئەقسا لە قودس دەفڕی.

پێشوەختەش ئێران ئاگاداری هێرشەکەی بە وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکیەکان گەیاندبوو. وە بە پاڵپشتی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئوردن، دەسەڵاتی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە توانراوە %99ی سەرجەم مووشەکەکان بخرێنە خوارەوە، هەرچەندە ئەم ژمارەیە دواتر کەم کرایەوە.

خۆشبەختانە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوە کەم وێنەیە "دەرچە"یەکی بۆ هەموو لایەنەکان هەبوو. لە هێرشەکەدا هیچ هاوڵاتیەکی ئیسرائیلی نەکوژرا، ئەمەش پێویستی تەل ئەبیبی بۆ تۆڵەسەندنەوە کەم کردەوە، و لەگەڵ ئەوەشدا کۆماری ئیسلامی هێشتا دەتوانێ بانگەشەی دووپاتکردنەوەی هێڵە سوورەکانی بکات و هێزی بەرپەرچدانەوەی دەربخات.

 پێش کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکە، نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە " ئەو پرسە کۆتایی هاتووە ".

 فەرماندەی هێزەکانیان ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکان کۆتاییان هاتووە و هیچ نیازێکیان نییە بەردەوامی پێبدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئیسرائیل بڕیاری وەڵامدانەوەی بدات، ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هێرشێکی زۆر گەوترەتر دەستپێدەکات.

لە کاتێکدا کە هێرشی ئێران بە پلەی یەکەم مەبەست لێی دووپاتکردنەوەی هێڵەکانی پێشووی شەڕ بوو، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە نزیکەی نۆ لە سی مووشەکی بالیستی توانیان بچنە ناو بەرگرییەکانی قوبەی ئاسنینی ئیسرائیلەوە و هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دوو بنکەی سەربازی بکەن، لەنێویاندا بنکەی نیڤاتیمی ئاسمانی - هەمان ئەو بنکەیەی لێیەوە هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی دیمەشق دەستیپێکرد - بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر حیساباتی سەرکردایەتی ئیسرائیل دەبێت لە ئایندەدا.

تا ئێستا ڕادەی هێرشی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە 19ی نیسان لە نزیک شاری ئیسفەهان ڕوون نییە، بەڵام ڕوونە کە حیسابی ئەوە کرابوو کە تۆڵەسەندنەوەی زیاتری ئێران بەدوای خۆیدا نەهێنێت.

هەرچەندە پێناچێت ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی ئەم دواییە بێێتە هۆی شەڕێکی فراوانتر ، بەڵام تیشکی خستە سەر لاوازی ئیسرائیل لە ساتێکی سیاسی چارەنوسسازدا.

هەروەک چۆن ئۆپەراسیۆنی (طوفان الاقصى) ئەوەی نیشان دا کە گەمژەییەکی گەورەیە دۆخی نالەباری ملیۆنان فەڵەستینی کە بەبەردەوامی لەژێر گەمارۆ و داگیرکاری و ڕژێمی جیاکاری نەژادیدا دەژین پشتگوێ بخرێت. ئۆپەراسیۆنی (الوعد الصادق)یش پێشینەیەکی نوێیە و پشتگوێخستنی لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیەوە مەترسی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئێران نیشانی دا کە بەڕاستی ئامادەیە لە خاکەکەی خۆیەوە وەڵام بداتەوە ئەگەر ئیسرائیل بێباکانە بریاری پەرەپێدانی ئاڵنگاریەکان بدات و ڕێساکانی شەڕکردن پێشێلبکات. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ئیسرائیل وانەی خۆی وەردەگرێت و لە سیاسەتی سەر لێواری خۆی پاشەکشە دەکات؟، هەرچەندە "بایدن" ڕەتیکردەوە پشتگیری بکات لە وەڵامێکی توندی ئیسرائیل، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا یان لەژێر ئیدارەیەکی نوێدا ئەمە وا نەبێت.

تا ئەو کاتەی ئیسرائیل بەردەوامبێت لە شەڕی دژ بە فەڵەستینیەکان، تارمایی ململانێیەکی ئیقلیمی وەک ئەگەرێکی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە.

83 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

12 ڕۆژ و 3 کاتژمێر و 35 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌


دواین بڵاوکراوه‌کان
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ن.ئەسکەندەر بروژەردی, و. لە ئینگلیزیەوە: دامون صدیق
ستران عەبدوڵا
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
د هەڤاڵ ئەبوبەکر
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی کوردتایمز

■ کوردتایمز، Kurd Times


کورد تایمز ، میدیایەکی سەربەخۆیە لەڕێگەیەوە زانیارییەکان و پەیامەکان

 دەگەیەنێت بەخوێنەر

■ په‌یوه‌ندی