بابەتی موچە و کەرامەت، نان و کەرامەت، خاک و خەڵک بابەتگەلی جیاوازن و لێک نزیکیشن، دەکرێ تەواوکاری یەکتری بن، بەڵام هەرگیز باش نییە بەرامبەر یەک دابنێرن.
کارێکی ناپەسەندە و شتێکە وەک لێقرتاندن وقۆڵبادان و بە بارمتەگرتنی مافە رەواکان و کەرت کردنیان.
جا سەیرە لە کۆیە و لە تێکڕای کوردستانیش کە بێین بە پلایس گۆشت و نینۆکی ماف و داخوازییەکان لێک جیا بکەینەوە و بڵێین : یان ئەمە، یان ئەوە!
ئەمە هیچ بژاردەیەکی باش نییە، بەتایبەتی بەرامبەر گەلی کوردستان کە هەموو قوربانی و گیانبازییەکی کردووە بۆ رزگاری وڵات و حوکمی خۆبەخۆ لە چوارچێوەی قەوارەیەکی دەستوری کوردستانیدا.
ڕاستیەکەی ئەوەیە لیستی مافە هاوچەرخەکان هەمووی تیایە، نان و کەرامەت، موچە و بودجە، ژیانی بە روومەت و شەرافەتمەندانەی خەڵک و خاوەندارێتی لە خاکی کوردستانیش.
گشتیان پێکەوە باشن و پێکەوە بەها و نرخ پەیدا دەکەن.
حزبەکان و سیاسەتە حەریفەکان و دامەزراوە رەسمییەکانی نیشتمان لە حکومەت و پەرلەمان ئیشیان ئەوەیە ئەم لیستە جێبەجێ بکەن.
لە مەمالیکەکانی دونیا ، هەرێم بن یان دەوڵەت ، کۆمەڵانی خەڵک خەریکی کار و کەسابەتی خۆیانن و بە دەنگدان و بە شایەتمان تەفویز و وەکالەتیان داوەتە هێزە سیاسییەکان و ژوور و هەیوانە خوشناو و جوان و سەنگینەکانیان بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە نیشتمانیانە رایی بکەن و بیکەنە خەڵاتی گشتی میللەتەکەیان.
لە هەمووشی گرنگتر هێزی نموونە و چاولێکردن زۆر گرنگە.
ئەی پەیامە زۆر پایەدار دەبێ ئەگەر گەورەکان خۆیان لە ژیان و گوزەرانی خۆیاندا دەستپێشخەر بن و بیکەنە مۆدێلی شایانی ئەشهەدومابیللا.
دەشێ لیستی مافەکان، چ دەستوری گەل پەسەند یان هی دابودەستوری سیاسی کۆمەڵ بن ، قۆناغ بەند بکرێن و پەیتا پەیتا کاری بۆ بکرێت.
لەم میانەدا میللەتەکەمان سەبری ئەیوبی هەیە، ئەم میللەتە چەندین دەیەیە بە ژیری و حەوسەڵەوە مامەڵە دەکات.
بەڵام قۆناغ بەندکردن جیاوازە لە پەکخستن و بە یەکدا هەڵبژانی مافەکان و گۆڕینەوەیان بە ئەمە یان ئەویتر.
جیایە لە بە بارمتەگرتنیان و بژارکردنی ناڕەوا.
مافەکان یەک پاکێچی روون و رەوان و هەق نییە هانی بەر یەککەوتنیان بدەین.
222 جار خوێندراوهتهوه