جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هەوڵی تیرۆرکردنی پەرلەمانتارێکی عێراق دەکەین و، داواکارین "بکەرانی دەستگیربکرێن و بدرێنە دادگە."
موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە رووبەڕووی پەرلەمانتارێک و خێزانەکەی بووەوە و رایگەیاند"ئەو هەوڵی تیرۆرکردنەی رووبەڕووی تەقی ناسر وائیلی و خێزانەکەی سەرکۆنە دەکەین، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان و لەسەروویانەوە وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەکەین بەزووترین کات وردەکاریی رووداوەکە ئاشکرابکەن و ئەو گرووپە لە یاسا لادەرە بدەن بە دادگە."
دوێنێ شەممە، 6ـی تەمموزی 2024، ماڵی پەرلەمانتار تەقی وائیلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیشراقەی کانوون، کە دەکەوێتە ناوچەی دولعی لە بەغدا رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەوە، خۆی و فراکسیۆنەکەشی هێرشەکەیان بە "هەوڵی تیرۆرکردن" ناوبرد.
فراکسیۆنەکەی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێرشەکە بە چەکی سووک و مامناوەند کراوە، هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیان بە ئۆتۆمبێل و خانووەکەی کەوتووە.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، شوێنەواری گوللە بە ئۆتۆمبێلی ئەو پەرلەمانتارە و خانووەکەیەوە دیارە.
محەممەد تەقی وائیلی، لەدایکبووی ساڵی 1972ـی ناوچەی سەدری بەغدایە، ئەندازیارە، پێشتر ژمارەیەک بەرپرسیاریێتی لە حکومەت هەبووە، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی عێراقە.
182 جار خوێندراوهتهوه