فەرماندەیەکی باڵای ئێران لەناوخۆی وڵاتدا کوژراوە و هێزی چەکداری جەیشول عەدل-ی بەلوچستان کردەوەکەی لە ئەستۆگرت.
ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکان لە ئێران رایانگەیاند، ڕۆژی هەینی، حسێن عەلی پیری، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئیتلاعات و ئاسایشی شاری خاش- لە پارێزگای بەلوچستان-ی ئێران، لە نزیک ماڵەکەی کە جلی مەدەنی لەبەربووە، کوژراوە.
جەیشولعەدل، لە لێدوانێکی لە کەناڵی تێلێگرامی تایبەت بەخۆی، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بۆ سەر سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان گرتەئەستۆ.
میدیا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بەلووچ، لەوانەش گرووپی ڕاگەیاندنی "حالڤەش"، دەڵێن، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئەو فەرماندە کوژراوە، چەندین جار هەوڵی دەستگیرکردنی توندوتیژانەی هاووڵاتیانی بەلووچی داوە.
توندوتیژیی کاربەدەستانی حکومەتی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بەلووچ، یەکێکە لە کێشەکانی گرووپەکانی وەک جەیشولعەدل، لایەنگری چالاکوانان و مەدەنییە دیارەکانی بەلووچەکان.
ڕێکخراوی "جەیشول عەدل" گرووپێکی چەکداری ئیسلامی سوننی بەلوچییە، کە دژایەتی حکومەتی ئێران دەکەن، خۆیان بە "سوپای دادپەروەری و یەکسانی" و سوننە دەناسێنن.
ئەم تاقمە خۆی بە داکۆکیکاری مافی سوننە دەزانێت، بەتایبەتی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران. لە ساڵانی سەرەتای دروستبوونیدا، دژایەتی لەگەڵ "دەستێوەردان"ی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا بە یەکێک لە سیاسەتەکانی ئەم گرووپە دادەنرا.
جەیشول عەدل چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر ئەفسەرانی ئەمنی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و بە بارمتەیان دەگرێت.
لە هەندێک حاڵەتدا وەک بارمتەگرتنی پاسەوانانی سنوور، کاردانەوەی نەرێنی بەشێک لە بیروڕای گشتی ئێرانی لەگەڵدا بووە.