جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قوربانییەکانی هێرشە درۆنییەکەی نزیک قەزای سەیدسادق، دوو رۆژنامەوانی ژن بوون، نەک ئەندامی هێزێکی چەکدار تا مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ وڵات و ناوچەیەک.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا لەبارەی کوشتنی دوڕۆژنامەوانی ژن و بۆردومان کردنیان بەدرۆن لە رێگای سەیدسادق ئاماژەی بەوەکرد، کوشتنی ئەم دوو رۆژنامەوانە تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە و بە توندی ئیدانەی دەکەین.
دەشڵێت، جگە لەوەش پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری خاکی عێراقە.
هاوکات قوباد تاڵەبانی، داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێن کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەشیدا، سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری هەردوو رۆژنامەنووسی شەهید دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازێت.
ئەمڕۆ هەینی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومانکرا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە ناوی هێرۆ بەهادینە و مۆنتێر بووە لە نووسینگەی کەناڵی ستێرک تیڤی لە شاری سلێمانی و ئەوی دیکەش ناوی "گوڵستان تارا"یە، خەڵکی ئێلیهـ لە باکووری کوردستانە و یەکێک بووە لە بەرپرسانی نووسینگەی کەناڵەکە لە شاری سلێمانی
88 جار خوێندراوهتهوه