پێش هەموو شتێک خاوەندارێتی لە ئازار و خەمی خەڵکەکەی خۆمان بکەین، سۆزمان بۆیان هەبێ و پەژارە بە روومانەوە دیار بێ کە ئێمە ئەم کۆستەمان پێ ناخۆشە و پێی قەڵس و شڵەژاوین، ئیتر دوای ئەوە یەکبوون و یەکێتیی وتەکبیری هاوبەش لێی ئاسانتر نییە تۆ بە سۆرانی پاک و بێگەرد و بە ئیسلامەتی و بە کوردایەتی بیڵێ کە خەفەتبارم، بڵێ خوا و دین و ئایەتی خەڵک و خاک ئەم زوڵمەی پێ قووت نادرێ...
وای بڵێ ئیتر ئەو داوی بۆ ئێزدی بەلەنگاز و لێقەوماو بەجێبێڵە خۆی دەتناسێتەوە دەزانێ لە دڵەوە دەدوێی یان گەمەی زمانی لەگەڵ دەکەیت؟
تۆ لە رەگەوە ئاهێک بۆ لەدەسدانی کچ و ژن و خوشکی ئێزدی هەڵکێشە ئەو خۆی رۆحی خۆی بۆ خێزانە گەورەکەی کوردستان هەڵدەکێشێ. تۆ عاشقێکی ڕاستگۆ و فیداکار بە و چیتر چاوەرێی پاداشت و خەڵات مەبە خۆی قیبلە و کۆمبەسی ڕاستی دەزانێ چونکە (عاشقان لە دوورڕا دیارن، رەنگیان زەرد و لێوبەبارن) چوارینە ڕاستی و لە دڵەوە بەسە بۆ راز و نیاز و لەسەت شانامەی درۆیینە کاری ترە ، کابرای ئێزدی خۆی لە قەفقاسیا تا قلیاسان لێت دەگەڕێ و تۆ وەدۆزێتەوە.
ئەو حیکایەتانە کەم و دەگمەنن کە عاشقەکان ئاگایان لێک نەبێت و هەمیشە گوتراوە دڵ ئاوێنەی دڵە.
تۆش برای قەومەچی و عێراقچی و کەڵەکچی زۆر باوەشی ئەزێتدانی پێدا مەکە بەناوی پەرۆشی و بە جۆشی، وازی لێ بێنە خۆی بڕیارە ڕاستەکە دەدات.
کەس هەیە لە خەڵک و خەڵک و خوای خۆی تەوەللا بێت کە باوەشی میهر و دڵنیایی بانگی بکات؟
برا گیان تۆ موڵک و ماڵ و زەوی تاڵان مەبە و ئاو وپاوانی قۆرخ مەکە، ئیتر خۆی کوردی ئەسڵ و رەسەنە، برام تۆ کۆسەکۆسەی لێ مەکە و مەقەر و مەرجەعی خۆتی بەسەردا مەسەپێنە ئەو خۆی دەزانێ کوردە و کرمانجە و هاوکوردستانە و هاوچارەنووسی رەش و گەشە.
یانی ئێزدی لە بەڵەکچار و ئێریڤان خەبەر ددا و لە رێیا تازە دەنووسێ و لە ناو ئیمبراتۆریای بەلشەفی و مەسقۆفی بێگانەدا دەڵێ ئەز کوردم و رۆمان دەنووسێ و ئەلفابێتا دادەهێنێ و دیوانان بە کوردی چاپ دەکات کەچی لە ئاخری تەمەندا لە شەنگال، لە پەنا کوردستانیی رزگار گوێی خۆی کەڕ دەکا و بانگەوازی نیشتمان نابیستێ؟
یەعنی قەوم وقیلەی (شڤانی کورد) سەیدا عەرەبی شەمۆ و (هاوار)ی مامۆستا حەجێی جوندی و (دەزانم کوردستان چێ دەبێ)ی عەسکەر بیوک هەروا فشە و سوعبەت بووە؟
کۆی بەرهەمە فلکلۆرییەکانی کە جەمیلە جەلیل نۆتەی بۆ داناون دەریدەخات نەخێر ئێزدییەکان بە جددیان بووە.
با ئێمەش تۆزێک بە جدییمان بێت
159 جار خوێندراوهتهوه