وەزیری ژینگە و پلاندانانی شارەکانی تورکیا رایگەیاند ”ئەمڕۆ شیکاریی مەترسیەکانمان لە 39 ناوچەی ئیستانبوڵ تەواو کرد و یەک لەسەر پێنجی کۆی ژمارەی ماڵەکانی ئەم شارە کە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار ماڵە، مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ ناکەن”.
موراد کوروم، وەزیری ژینگە و پلاندانانی شارەکانی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ” هەزار ماڵ لە یەکەم ساتی روودانی بوومەلەرزەیەکدا مەترسی رووخانیان لەسەرە، ئەوەش واتا دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا ژیان بەسەردەبەن”.
پێشتر هالوک ئیدۆغان، مامۆستای بوومەلەرزەزانیی تورکیا ئەوەی خستبووەڕوو، ”پێشبینی روودانی بووەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستانبوڵ و ناوچەی دەریای مەڕمەڕە دەکەن بە گوڕی زیاتر لە 7 پلە کە لێکەوتەکانی کاریگەری خراپی لەسەر هەموو تورکیا دەبێت”.
بەپێی راپۆرتێکی ئەنجومەنی شارەوانیی ئیستانبوڵ، لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلە، لانیکەم 90 هەزار باڵەخانە لە شارەکەدا دەڕووخێن و رەنگە نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی پێویستیان بە نیشتەجێبوونی کاتی هەبێت.
هاوکات کۆمپانیاکانی بیمە مەزەندە دەکەن کە زیانەکانی بوومەلەرزەکە 325 ملیار دۆلار تێپەڕێنن.
86 جار خوێندراوهتهوه