گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 139 قەوارە و بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا دەکەن کە لە ناویاندا 39 بەربژێری تاکی پێکهاتەکان هەن.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەکوردتایمزی رایگەیاند، دوای داخستنی دەرگای پێشکەشکردنی لیست و بەربژێرەکان، دەرکەوت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دوو هاپەیمانی و 13 حیزب بەشداری دەکەن.
بە گوێرەی ئەو ئامارە، 19 کەس لە پێکهاتەی کریستیان خۆیان بەربژێر کردووە، لە هەولێر 7 کەس، لە سلێمانی 4 و لە دهۆک 7 کەس.
هاوکات دەشڵێت، 20 کەسیش لە پێکهاتەی تورکمان خۆیان بەربژێرکردووە کە بەمشێوە دابەشبوون؛ هەولێر 14 کەس و سلێمانی 6 کەس.
هەر بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆن، 85 کەسیش وەکو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر کردووە کە کۆی گشتییان دەکاتە 139 لیست و بەربژێر.
پێنجشەممەی رابردوو دوایین رۆژ بوو بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە 3 کورسی دیاریکراون.
لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی 2 کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراون؛ لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
188 جار خوێندراوهتهوه