لەپێش تێکشکانی ئەو بەلەمەی کۆچبەران کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشکا و نقومبوو، کە زۆرتر لە 70 کۆچبەری تێدابوو و بەشێکی زۆریان کورد بوون، رووداوێکی هەژێنەر روویداوە.
پۆلیسی ئیتاڵی رایگەیاندووە، پیاوێکی کۆچبەری عێراقیی 27 ساڵی دەستگیر کردووە، کە تۆمەتبارە بە خنکاندنی کچێکی 16 ساڵ لەنێو بەلەمەکەدا.
دوای ئەوەی یەکێک لە رزگاربووەکانی بەلەمەکە سکاڵای تۆمار کردووە، کە ئەو کۆچبەرە عێراقییە "کچەکەی خنکاندووە و هەڵسوکەوتی بەدڕەوشتانەشی بەرامبەری کردووە."
هاوکات پۆلیس خنکاندنەکەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام هێشتا دەستدرێژییەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی گوتەی ئاسایشی سلێمانی، لەم هەفتەیەدا چوار قاچاخچیی دەستگیر کردووە، کە پێدەچێت پەیوەندییان بە دۆسیەی بەلەمە نقومبووەکەوە هەبێت.
لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە 1000 کۆچبەر لە ئاوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و ئیتاڵیادا خنکاون، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو بوون.
92 جار خوێندراوهتهوه