لە گەڕی دووەمی 14یەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران، زیاتر لە 30 ملیۆن و 500 هەزار کەس دەنگی داوە و بەپێی دەنگەکان، پزیشکیان بووە سەرۆککۆماری ئێران.
رۆژی هەینی، 5ی تەمموزی 2024، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە مافی دەنگدانیان هەبوو.
ئەمڕۆ شەممە موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، لە 30 ملیۆن و 573 هەزار و 931 دەنگ، پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێناوە و سەعید جەلیلیش بە 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگ، رکابەرییەکەی دۆڕاند.
بەگوێرەی گوتەی موحسین ئیسلامی 49.8٪ـی ئەو کەسانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگیان داوە کە بەراورد بە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، رێژەی بەشداریکردن نزیکەی 10٪ زیادی کردووە.
بەگوێرەی دەستووری ئێران، هەر بەربژێرێکی سەرۆککۆماری ئەگەر لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا تەنانەت یەک دەنگیش زیاتر لە دەنگی رکابەرەکەی بێنێتەوە، راستەخۆ وەکو سەرۆککۆماری وڵاتەکە دیاری دەکرێت.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا، سێ جار دەنگدان درێژ کرایەوە و تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەو (بەکاتی تاران) بەردەوام بوو.
زیاتر لە 58 هەزار سندووقی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران داندرابوو کە نزیکەی حەوت هەزار 500 سندووقی بەر پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوت؛ هەروەها 314 بنکەش بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەکە مافی دەنگدانیان هەبوو، لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان داندرابوون.
سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵ بوو، واتا بەر لە 5ی تەمموزی 2007 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان بۆ گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران هەبوو
192 جار خوێندراوهتهوه