وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی خوێندکارانەوە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد
گرینگترین بڕیارەکانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ خوێندکاران.
لەبڕیارەکەدا هاتووە، زانکۆکان راسپێردران ئامادەکارى بکەن بۆ ئەوەى هاوشێوەى ساڵانى رابردوو زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە خوێندنى حکومى برەخسێنن.
هەروەها ئەوەش هاتووە، لە پێناو پشتیوانیکردنى خوێندکاران و قوتابیان و خانەوادەکانیان بۆ ئەوەى پرسى دارایی نەبێتە ڕێگر لە بەردەم خەونەکانیان، بەهەمان ڕێژەى ساڵانى ڕابردو داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارللیل و ئیواران ئەنجام دەدرێت. ٣
لەهەمان کاتدا بە راسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانکۆکان هیچ برە پارەیەک لە برى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە قوتابیان/ خوێندکارانى خوێندنى باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا) وەرنەگرن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەمەبەستى کردنەوەى راوندى نوێى خوێندنى باڵا، زانکۆکان راسپێردران ئەوانەى تاکو ئێستا پلانى خوێندنى باڵایان ئامادە نەکردوەو بۆ وەزارەت نەیانناردوە، پێویستە بە زوترین کات پلانەکانیان بۆ کردنەوەى ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵاو خوێندنى سپلیت سایت بۆ وەزارەت بەرزبکەنەوە.
هەروەها ڕێنمایی گۆڤارە زانستییەکانى زانکۆکانى کوردستانى بە وەرگرتنى چەند تێبینییەک پەسەندکرا، ئامانج لەم ڕێنماییە بۆ زیاتر ڕێکخستنى مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتە بە گۆڤارى زانکۆکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى گۆڤارەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە بگونجێت لەگەڵ پێوەرو ستانداردەکانى گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان.
180 جار خوێندراوهتهوه