kurdtimes
    18  خه‌رمانان  2724   08 ئەیلوول 2024

مەسعود لە پزیشکییەوە بۆ سەرۆککۆمار

مەسعود لە پزیشکییەوە بۆ سەرۆککۆمار
کوردتایمز

بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14یەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.

زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارییان کردبوو؛ پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا.

بە گوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 49.8%یان دەنگیان دا و مەسعود پزیشکیان بەسەر سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەرکەوت.

 مەسعود پزیشکیان، رۆژی 29-09-1954 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، قۆناخی دواناوەندی لە شاری ورمێ تەواوکردووە و ساڵی 1976 لە زانکۆی شاری تەورێز دەستی بە خوێندن لە بەشی پزیشکی کردووە.

ساڵی 1985 خوێندنی تەواو کردووە و دواتر وەک راهێنەری فیزیۆلۆژی لە کۆلێژی پزیشکی وانەی گوتووەتەوە.

هاوکات لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا وەک بەرپرسی ناردنی تیمی پزیشکی بۆ ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کاری کردووە.

هەروەها ساڵی 1990 پسپۆڕی لە نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە.

ساڵی 1993 پسپۆڕیی نەشتەرگەریی دڵی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران وەرگرتووە و لە نەخۆشخانەی "شەهید مەدەنی"ـی شاری تەورێز دەستی بە کارکردن کردووە.

ساڵی 1994 پۆستی سەرۆکایەتیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەبرێزی پێدرا و تاوەکو ساڵی 2000 لەو پۆستە مایەوە.

لە ساڵی 2001 تاوەکو 2005 وەک وەزیری تەندروستیی ئێران لە کابینەی محەممەد خاتەمی کاری کردووە.

دواتر وەک نوێنەری خەڵکی تەورێز و ئازەرشار لە خولی هەشتەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بووە پەرلەمانتار.

لە ساڵی 2008ەوە ئەندامی پەرلەمانی ئێران بووە و لە خولێکیشدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو.

پزیشکیان هەرچەندە خۆی دەڵێت، سەر بە هیچ حیزب و بەرەیەک نییە، بەڵام بە کەسێکی نزیک لە ریفۆرمخوازان و میانڕۆکانی وەک محەممەد خاتەمی و حەسەن رووحانی، دوو سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دادەندرێت.

  لە مهاباد لەدایکبووە و کوردییەکی باش قسە دەکات، دایکی و باوکی ئازەرین.

لە پەرلەمانی ئێران سەرۆکی فراکسیۆنی "تورک زمانەکان" بووە و پێشتریش دووجار خۆی بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری بەربژێر کردبوو، بەڵام هەر دووجار لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی رەتکرایەوە.

پزیشکیان لە بەرنامەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە لایەنگری خوێندن بە زمانی دایکییە لە پاڵ زمانی فەرمیی وڵاتەکە.

هاوکات دژی بەشێک لە پڕۆژەکانی دەسەڵاتە بۆ پاڵاپۆشیی زۆرەملێ و سنووردارکردنی ئینتەرنێت.

مەسعود پزیشکیان یەکێک لەو پەرلەمانتارانە بوو کە دژی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان (شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی) هەڵوێستی گرت و بە "ئاژاوە" ناوی هێنا.

ئێستا دوای پەسندکردنی ئەنجامی گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە فەرمی وەک نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران رادەگەیێندرێت و دەستبەکار دەبێت.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران دوای ئەوە هات کە رۆژی 19ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی وڵاتەکە، کاتێک دەگەڕایەوە ناوەندی شاری تەورێز، هێلیکۆپتەرەکەی "بەهۆی کەشوهەواوە" لەنێو دارستانێکی پارێزگاکە کەوتە خوارەوە و لە تەمەنی 63 ساڵیدا لەگەڵ یاوەرانی گیانی لەدەستدا. 

96 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌

2 مانگ و 1 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 23 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌


دواین بڵاوکراوه‌کان
ن.ئەسکەندەر بروژەردی, و. لە ئینگلیزیەوە: دامون صدیق
ستران عەبدوڵا
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
د هەڤاڵ ئەبوبەکر
کوردتایمز
ستران عەبدوڵا
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز
کوردتایمز

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی کوردتایمز

■ کوردتایمز، Kurd Times


کورد تایمز ، میدیایەکی سەربەخۆیە لەڕێگەیەوە زانیارییەکان و پەیامەکان

 دەگەیەنێت بەخوێنەر

■ په‌یوه‌ندی