یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە رێوڕەسمی وێنەگرتنی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانیدا خوێندکاران جگە لە وێنەگرتن ناتوانن هیچ چالاکییەکی دیکە بکەن.
رۆژی یەکشەممە 21ی نیسان د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران ئاماژەی بەوەکرد، "وێنەی دەرچوون ناوی بە خۆیەتی و تەنیا وێنەگرتنە، بەڵام بەشێک لە خوێندکاران فێربوون کۆمپانیایان دەهێنا بۆئەوەی شوێن دیاری بکەن و مێزیان بۆ بڕازێننەوە."
سبەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەشڵێت، خوێندکاران تەنیا وێنەی دەرچوون بگرن و رێگە نادرێت هیچ کەسێک ئاهەنگێکی دیکە بکات.
د. پێشڕەو حەمەجان ئەوەشدەخاتەڕوو، "بڕیارەکە بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی کەسوکاری خوێندکار، پاکڕاگرتنی نێو زانکۆ، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی زانکۆیە، چونکە بەهۆی قەرەباڵخییەوە نێو زانکۆ پیس دەکرا و شەڕیش دروست دەبوو."
هاوکات باس لەوەشدەکات، زانکۆکە بەو بڕیارەی دەیەوێت جیاوازیی چینایەتی لەنێوان خوێندکاران نەمێنێت.
لەوبارەیەوە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە ئاگادارکردنەوەیەک بۆ خوێندکاران دەڵێت، "ئامانج لەم چالاکییە تەنیا گرتنی وێنەی دەرچوونە، نەک ئاهەنگ و سەیران و دیاری بەخشینەوە و نمایشکردنی ئۆتۆمبێل، وێنەگرتنەکەش تەنیا لە ماوەی یەک کاژێر دەبێت."
بەپێی ئامارەکانی زانکۆی سلێمانی، ساڵانە زیاتر لە 5000 خوێندکار لەو زانکۆیە دەردەچن.
73 جار خوێندراوهتهوه