حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، ئێمە، 10 رۆژ کاتمان رەخساند بۆ کارە دیپلۆماسییەکان بەڵام بێ ئەنجام بوون و ئامانجیشمان تەمبێکردنی رژێمی زایۆنی بوو.
هەروەها دەشڵێت، ئەوەی لە سووریا لەبەرامبەر ئێران کرا، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوو.
تەنانەت لە هێرشکردنە سەر بنکە ئاسمانییەکە کە لەوێوە هێرشکراوەتە سەر کۆنسوڵخانەکەمان لە سووریا، ئاگامان لە وردەکارییەکان بوو و زانیمان لە کوێی ئەو بنکە ئاسمانییە بدەین.
ئەمیرعەبدوڵڵاهیان راشیگەیاند، نزیکەی 72 کاژێر بەر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، زانیاریمان بە دراوسێکانمان دا کە وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای بەرگری رەوای خۆیەتی.
رۆژی شەممە، 13ی نیسانی 2024، کاتژمێر 11:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، ئێران 170 درۆن، 30 مووشەکی کرووز و 120 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش رایگەیاند، "99٪ـی هێرشەکەی ئێران تێکشکێندرا و شکستیان هێنا."
هێرشەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی یەکی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس، کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران، ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
بەشێک لە درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردووی ئێران بە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبوون، کە ژمارەیەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە لە سنووری سلێمانی و هەولێر خرانەخوارەوە.
77 جار خوێندراوهتهوه