میدیای ئێران رایگەیاند، سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز دەستی بەسەر کەشتییەکی "رژێمی زایۆنیدا گرت."
رۆژی شەممە، 13ی نیسانی 2024، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، "کەشتییەکی زایۆنی بەناوی ئێم سی ئێس ئێیەرز، لە گەرووی هورمز لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا و ئێستا بەرەو ئێران دەگوازرێتەوە."
پێش راگەیەندراوەکەی ئێران، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا UKMTO سەر بە سوپای بەریتانیا رایگەیاند، "هێزێکی کۆماندۆ بە هێلیکۆپتەر هەڵیکوتاوەتە سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمزی کەنداوی عەرەبی لە نزیک شاری فوجەیرەی ئیمارات".
کەشتییەکە کە ئاڵای پورتوگالی بەسەرەوە بووە، کەشتییەکی بازرگانییە و ناوی ئێم سی ئێس ئێیەرزە و سەر بە کۆمپانیای زۆدیاکە کە لەلایەن سەرمایەداری ئیسرائیلی عەیال عۆفەرەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
تاوەکو ئێستا گرووپی کۆمپانیاکانی زۆدیاک هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو رووداوە نەبووە. گەرووی هورمز دەکەوێتە باشووری ئێران لەنێوان کەنداوەکانی عەرەبی و عومان.
چەند رۆژێکە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جۆرێکە مەترسی زیادبوونی گرژی لێدەکرێت.
هاوکات ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکات و ئەمریکاش هەوڵی هێورکردنەوەی دەدات.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی یەکی نیسانی ئەمساڵ، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و دوو فەرماندە و پێنج راوێژکاری سەربازیی ئێران کوژران.
ئێران تۆمەتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل نە رەتیکردەوە و نە پشتراستیشی کردەوە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، کە پشتی بە قسەی راوێژکارێکی سوپای پاسداران بەستووە، سوپای پاسداران ژمارەیەک بژارەی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل داوەتە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
یەکێک لەوانە، هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر ئیسرائیل لە رێگەی مووشەکی پێشکەوتووی مەودا مامناوەندەوە.
ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە تاران و رایگەیاندووە، هەر هێرشێک کاردانەوەی تووندی بەدواوە دەبێت.
96 جار خوێندراوهتهوه