بەگوێرەی رۆژ ژمێری فەرمی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2024، 17ی مانگ کە دەکاتە رۆژی چوارشەممەی ئەم مانگە، پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگاکاندا.
بەگوێرەی رۆژژمێرەکە، 17ی مانگ کە دەکاتە رۆژی چوارشەممەی سووری ئێزیدییەکان یان سەری ساڵی ئێزیدییەکان، پشووی فەرمییە لە هەرێم.
ئێزیدی یەکێکە لە ئایینەکانی کوردستان و ئێزیدییەکانیش خۆیان بە کوردی ڕەسەن دەناسێنن.
خاوەنی ڕێسا و نەریتی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە باشوری کوردستان، لە دەڤەرەکانی شێخان و شنگال دەژین.
ھەروەھا لە بۆتان، دەربێسیە، باکوری پارێزگای حەسەکە، عەفرین لە حەلەب، ئەلەگەزی ئەرمەنستان، پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکوری رۆژھەڵاتی تورکیاشدا دەژین.
ئێزدییەکان زمانی قسەکردنیان بە شێوەی کوردی کرمانجییە و پەیڕەوی رۆژژمێری خۆرهەڵاتی دەکەن بۆ سەری ساڵی خۆیان پشت بەو رۆژمێرە دەبەستن، كە لەلایەن كەنیسەی ئەرسەدۆكسی و خۆرهەڵاتەوە پەیڕەودەكرێت و 13 رۆژی لەگەڵ رۆژژمێری زایینیدا جیاوازە.
چوارشەممەی سور (جەژنی سەری ساڵ)ی ئێزیدییەکان: جەژنی سەری ساڵ کە پێشی دەڵێن چوارشەممەی سوری ئێزیدییەكان یەكێكە لە جەژن و بۆنە هەرە كۆنەكانی شوێنكەوتووانی ئاینی ئێزیدی، هەموو ساڵێك لە سێیهم چوارشەممەی مانگی نیسان یادی دەکەنەوە.