داواکاری گشتی ئەڵمانیا رایگەیاند، دوو هاووڵاتی عێراقیمان بەناوەکانی توانا و ئاسیا دەستگیرکرد، ئاماژە بەوەش دەکات، بەتۆمەتی ئەوەی دوو کچی ئێزیدیان داوەتە چەکدارانی داعش.
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا راشیگەیاند، ئەو دوو کچە ئێزدییە لە ساڵی 2015 تاوەکو 2017 لە عێراق و سووریا خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
دەشڵێت، ئەو دوو کچە دەستدرێژییان کراوەتە سەر و رێگەیان پێنەدراوە پەیڕەوی لە ئایینی خۆیان بکەن.
ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو دوو کەسە پێش ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2017دا سووریا جێبێڵن کچە ئێزدییەکانیان داوەتە چەکدارانی داعش.
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لەراگەیەندراوەکەدا رونیکردۆتەوە، یەکێک لە کچەکان تەمەنی 5 ساڵ و ئەوی دیکەیان 12 ساڵ بووە و دوو تۆمەتبارەکەش لە ساڵی 2015 تاوەکو 2017 لە عێراق و سووریا تاوانەکەیان کردووە و دوای جێهێشتنی سووریاش لە تشرینی دووەمی 2017دا کچە ئێزدییەکانیان بە چەکدارانی رێکخراوە پەڕگیرەکە داوە.
هاوکات داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رەتیکردووەتەوە ناسنامەی دوو تۆمەتبارەکە بە تەواوی ئاشکرا بکات، بەڵام ئەوەندە روونە کە هاوژینن و یەكێکیان ناوی توانا و ئەوی دیکەیان ناوی ئاسیایە.
توانا کوردی خەڵکی باشووری کوردستانە و داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر ئەو دوو کچە و ژنەکەشی ماکیاژی بۆ یەکێک لەو کچانە کردووە و بۆ هاوژینەکەی ئامادەی کردووە.
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەشڵێت، دوو کچە کوردە ئێزدییەکە تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە، لێیان دراوە و بەزۆر کاری ماڵەوەیان پێکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیادا هاتووە، "هەموو ئەو کارانەی بەرامبەر بەو ئێزدیانە کراون لە چوارچێوەی ئەو ئامانجەدا بووە کە ئایینی ئێزدی لەناوبەرن".
76 جار خوێندراوهتهوه