ئەو کچەی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لە یەکێک لە شوقەکانی ئیسکانی هەولێر لەلایەن دوو گەنجەوە فڕێدرایە خوارەوە، بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن باوک و برایەکی و سێ کەسی دیکەوە کوژراوە.
نازە فەرهاد، دایکی فەیرووز (ئەو کچەی کوژرا) بە رایگەیاند، بە تیمێکی پێنج کەسییەوە کچەکەیان کوشتووە.
بەگوێرەی گوتەی نازە فەرهاد، باوک و برایەکی بایۆلۆجیی کچەکە، برایەکی خۆی (برای نازە فەرهاد) لەگەڵ کوڕە پوورێکی کچەکە و کەسێکی دیکە کە شۆفێریی بۆ کردوون، ئەمڕۆ چوارشەممە هاتوون و لەنێو خەودا کچەکەیان کوشتووە.
دایکی ئەو کچە دەڵێت، کچەکەمیان لە خەودا کوشت، حەوت فیشەکیان لە کچەکەم دابوو.
نازە فەرهاد هۆکاری کوشتنی کچەکەی بۆ ئەو دوو گەنجە دەگەڕێنێتەوە کە کچەکەیان لە شوقەکەی ئیسکانەوە فڕێدایە خوارەوە، چونکە لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئازادکراون، لەبەردەم زیندانەوە سناپیان کردووە و بڵاویان کردووەتەوە.