وا بڕیارە لە 20ـی مانگ، مووچەی مانگی نیسان دابەش بکرێت. هەروەها پلەبەرزکردنەوەش دەستیپێکردووە و سەرەتا فەرمانبەرانی بانک دەگرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کورد تایمز ، لە 20 تاوەکو 22ـی ئەم مانگە، مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان بەغدا و هەولێردا کراوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستێکی فەرمانبەرانی بۆ بەغدا ناردووە کە تایبەتە بە پلەبەرزکردنەوە.
لە ساڵی 2015ـەوە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا.
هاوکات ئەو لیستەی رەوانەی بەغدا کراوە، پلەبەرزکردنەوەی لە ساڵی 2015ـەوە تێدایە تاوەکو ئەم ساڵ.
بەگوێرەی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکاندا هاتووە، لەسەر راسپاردەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاگادارتان دەکەینەوە، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بانکەکان بەپێی یاسا و رێنمایی بۆیان دیاری بکرێت، واتا لە یەکی ئایاری 2024، شایستەی چ پلەیەکن بۆیان خەرج بکرێت، بە مەرجێک رەچاوی مۆڵەتی بێمووچە و سزا بکرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن: لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
84 جار خوێندراوهتهوه